Last modified: 2024-09-16
Abstract
ئێراق لە ساڵی(١٩٢١) لەژێر چاودێری بەریتانیا دامەزرا، وڵاتێکی فرە نەتەوە و فەرە ئاین و ئاینزا، پێویستی بە دروستکردنی "ناسنامە" هەبوو. دەبوو لەڕێی پەروەردەی نیزامییەوە، میریی تاک لەچوارچێوەی ئەم وڵاتە نوێیە پەروەردەبکات و بیکات بە هاوڵاتی ئێراقی.
دوو ڕەوت لەناو پەروەردەی ئێراقیدا سەریان هەڵدا، ڕەوتێکیان دەیان ویست ئێراق بکەن بە "ئێراقی عەرەبی" و تاکە زمانی فێرکردن زمانی عەرەبی بێت. ئەم ڕەوتە لەگەڵ خۆشیدا هەوڵیدەدا لەجێی بەرهەمهێنانی کۆزانیاری(مەعریفە) سەرمایەگوزاری لە 'پیشەسازیی مەرگ"ـدا دەکرد. ڕەوتی دووەم دەیان ویست ئێراق وڵاتی نەتەوە جیاوازەکان بێت و هەر نەتەوە و بە زمانی خۆی بخوێنێت. ململانێکە ڕەنگدانەوەی ئەو فرە نەتەوەییە بوو کە گەلانی ئێراقی نوێی پێکدەهێنا.
هەر زوو پەروەردەی ئەم وڵاتە کاریگەربوو بە پەروەردەکردنی تاکێک مەیلی بەلای چەک و شەڕدا بشکێتەوە، دروستکردنی جەنگاوەر و پیرۆزکردنی مەرگ بوونە ستراتیژی گەورەی وەزارەتی پەروەردە(وەزارەتی مەعاریف) و لە نێو نەوەکانیدا ڕەنگیدایەوە. پەروەردەی ئەم وڵاتە بەردەوام مەیلی بەرەو بەرهەمهێنانی جەنگاوەر هەڵکشاوە، لەوێشەوە، ناوەندەکانی خوێندن بەرەو "بەسەربازگەکردن" ملی نا، نەک پەروەردەکردنی تاکێکی دیموکرات کە بڕوای بە فرەڕەنگی و فرەدەنگی هەبێت.
ئەم توێژینەوەیە تیشکدەخاتەسەر بەپیشەسازیکردنی ژیانی سەربازی و پیرۆزکردنی مەرگ و بەرهەمهێنانی جەنگاوەر لە نێو وەزارەتی پەروەردەی ئێراق. باسی ڕەوتی گەشەکردنی دیدەوانی کراوە، وەک دەزگایەک بۆ بەرهەمهێنانی مرۆڤی مەرگدۆست. باسی ئەوەش دەکات مەیلی دروستکردنی جەنگاوەر پەڕیوەتەوە بۆ ناو پەروەردەی هەرێمی کوردستان و کتێبی کۆمەڵایەتی، بەشی مێژوی پۆلی هەشتی بنەڕەتی وەک نمونە وەرگرتووە.
وشەکلیلەکان
ئێراقی عەرەبی، وەزارەتی مەعارف، بەرهەمهێنانی جەنگاوەر، پیشەسازیی مەرگ، دیدەوانی، پەروەردەی هەرێمی کوردستان.